Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 23, 2020

"کاتێک باوکم تەلەفیزیۆنی بۆ کڕین زۆر دڵخۆشبووین، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک لە بەکارهێنانی تێکچوو، پارەی ئەوەشمان نەبوو چاکی بکەینەوە یاخود دانەیەکی تازە بکڕین. ئەوکاتە منداڵبووم، بڕیارمدا چاکی بکەمەوە. دوای چەند هەوڵێک شکستم هێنا چونکە هیج ئەزموونێکم نەبوو. لەکۆتاییدا توانیم بیخەمەوە کار، زۆر دڵخۆشبووم. ئیتر لەوکاتەوە خولیای شت چاککردنەوە و دوبارە بەکارهێنانەوەی ئامێر و کەلوپەلی کۆن کەوت سەرم. لەو بوارەدا نەمخوێندووە، بەڵام بەهۆی ئەزموون و کاری زۆرەوە توانیومە بگەمە لوتکە تێیدا. لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە دوکانێکی تایبەتم بە چاککردنەوەی کارەبایی دانا. یەکێک لە ئامانجەکانم لە کاتی کردنەوەی ئەم دووکانەدا ئەوەبوو یارمەتی کەسانی نەدار بدەم لە چاککردنەوەی ئامێرەکانیاندا کاتێک توانای کڕینی پارچەی نوێیان نییە. جاری وا هەیە هەندێک کەس پارچە و ئامێری هێندە کۆنم بۆ دێنن کە چاککردنەوەی کەمێک ئەستەمە، بەڵام هەموو هەوڵی خۆم ئەدەم. زۆرکات خۆشم هەندێک شت کۆدەکەمەوە کە خەڵک وا دەزانن بێکەڵکن بەڵام من سوودیان لێوەردەگرم." ...

September 23, 2020

"تەمەنم بیستویەک ساڵە و لە شاری ئەستەنبوڵ کاردەکەم. ئێستا بۆ وەرگرتنی پشوو هاتومەتەوە بۆ گوندەکەی خۆمان. هاتووم دەوروبەری ئەم چەمە بۆ سەیران ئامادە بکەم، بەبێ بەکارهێنانی کۆنکرێت و هەوڵدەدەم دەقاودەق سروشتی چاکی بکەم. خەڵکی لە ماوەیەکی کورتدا شوێنەکەیان زۆر بەدڵبوو و کۆتایی هەفتە دێنە ئێرە بۆ سەیرانکردن. زۆر دڵخۆشبووم کە گوندەکەی ئێمە بە شوێنی سەیرانگا ناسراوە، چونکە خەڵکێکی زۆر بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ماڵەکانی خۆیان نایەنە دەر، کاتێکیش دێنە دەرەوە ئارەزوو دەکەن بچنە ناو سروشت. بۆیە ئەم جێگایە هەلێکی باشە بۆ حەوانەوە و چێژوەرگرتن لێی." ...

September 22, 2020

"کاتێک ژنم هێنا ماڵم لە کۆیە بوو، بۆ بژێوی ژیان بیرم لە کڕینی مەکینەیەکی سۆنگەری ئەڵمانی کردەوە، بە چوار دینار کڕیم و دەستم بە پینەدۆزی کرد. لەوکاتەوە تا ئێستا بێ دابڕان پینەدۆزم، بۆ هەر شارێک ماڵم گواستبێتەوە ڕاستەوخۆ دوکانی پینەدۆزییەکەمم داناوەتەوە و دەستم کردۆتەوە بە ئیشکردن. بەردەوام ئێستا بێ دابڕان پینەدۆزی ئەکەم، بێجگە لەم کارەش هیچ کارێکی ترم نەکردووە. خاوەنی چوار کوڕم هەر چوار کوڕەکەم کاری پینەدۆزییان دەکرد و لە ژێر دەستی خۆم فێربوون. تا ئێستاش دوو کوڕم بەردەوامن لە پینەدۆزی و دوانیشیان لە دەرەوەی وڵاتن. مەکینەی ئەوکات هەمووی ئەڵمانی بوو، مەکینەکەم زۆر قورس بوو کێشی دەگەیشتە شەست کیلۆ. جاران کە کارم دەکرد پارە زۆر بەبەرەکەت بوو بەڵام ئێستا بەهیچ راناگەی و ژیان قورس بووە. زەحمەتترین کار کە بێتە ڕێگام لەم ئیشەدا پێڵاوی ئەدیداسە یان پێڵاوی پەکەکەشی پێ ئەڵێن، نە مەکینە کاری لێئەکات نە تەقەڵ دروو." ...

September 22, 2020

"هەموو کاتێک ئارەزووم کردووە کە منداڵم بوو، زیاتر وەک هاوڕێیەک بم لەگەڵیدا نەک باوک. پێمخۆش نییە شەرمم لێ بکات، یان لێم بترسێت. یاخود ئەو شێوازە هەڵسوکەوتانەی کە بە داخەوە زۆربەی باوکان و دایکان لە گەل منداڵەکانیان دەیکەن. ئێستا کوڕێکم هەیە و بووم بە باوک، هەروام کردووە و هەوڵمداوە لەگەڵمدا هەست بە ئاسوودەیی بکات. نێوانمان زۆر خۆشه، ڕێگام پێداوە چی دەوێت پێم بڵێت و هیچم لێنەشارێتەوە، منیش تا بۆم بکرێت بۆی دابین دەکەم و بێدڵی ناکەم. "هاکان" زۆر ئاسوودەیە کاتێک لەگەڵمدایە، وەک هاوڕێکانی کۆڵانی هەڵسوکەوتم لەگەڵ دەکات. ئاواتم ئەوەیە کوڕەکەم بڕواتە زانکۆ و پاشان ببێت بە مامۆستایەک یان پزشکێکی باش و لە ئیشی ناو بازاڕ بەدوور بێت." ...

September 21, 2020

"کاری فرۆشتنی قەیماغ و هەنگوین دەکەم، وەک نانی بەیانیش پێشکەشی مشتەرییەکانی دەکەم. بیستوحەوت ساڵ بەر لە ئێستا ئەم دوکانەم کردەوە. سەرەڕای ئەوەی کە تەمەنم چل ساڵە، بەڵام هێشتا ڕووخسارم گەنج دەردەکەوێت و زۆر نەگۆڕاوم، هۆکارەکەشی قەیماغ و هەنگوینە! مشتەرییەکم هەیە، تەمەنی لە سەد ساڵ تێپەڕیوە، بیستوحەوت ساڵی تەواوە بە بەردەوامی لەلای من نان دەخوات. سەرەڕای تەمەنەکەی، نەوەستاوە لە خواردنی قەیماغ و هەنگوین و تاکو ئێستاش تەندروستی زۆر باشە. ئەزموونێکی زۆر باشم هەیە لە ناسینەوەی هەنگوینی باشدا لە یەکەم بینینەوە. ناسینەوەی هەنگوینی ساختە و ئەسڵی هەر بە چاو، کارێکی ئێجگار قورس نیە. سەبارەت بە قەیماغیش، عەشیرەتێکی عەرەب هەن ناویان ( الشرابین)ە، کاری دروستکردنی قەیماغ دەکەن بە شیری گا و قەیماغەکەیان زۆر تایبەتە. شاری قامیشلۆ یەکێکە لەو شارانەی کە بەم ژەمە خۆراکە ناسراوە، بۆیە زۆر ئارەزوو دەکەم لە دوای خۆشم منداڵەکانم خەریکی ئەم کارەبن." ...

September 21, 2020

"سروشتی ژیان وایە، هەرکەسەو هیوا بۆ شتێک دەخوازێت. ڕەنگە خەڵکانێک لەلایان سەیربێت کە دەڵێم لە هەژدە ساڵیمەوە کە شوومکردووە، هەموو هیوا و ئاواتی من لە دونیادا ئەوەبووە کە ببمە خاوەنی کچێک. خوای گەورە چوار کوڕی پێبەخشیم و لە نازی کچ بێبەشی کردم. کاتێک کوڕە گەورەکەم ژنی هێنا، دووبارە ئاواتم ئەوەبوو کە نەوەیەکی کچم ببێت. کە منداڵەکەیان بوو، ئەویش کوڕ بوو. لە ناخەوە زۆر دڵتەنگ بووم. بەڵام خواگیان نائومێدی نەکردم و منداڵی دووەمیان کچێک بوو کە خەونی هەمیشەیی من بوو. لە ئێستادا ڕەهین هۆکاری هەموو خۆشبەختی ژیانمە. بەرگەی ئەوە ناگرم ڕۆژێک نەیبینم. هەرکەسێک ببینم کە ئومێدێکی لە دڵدابێت و پێیوابێت پێیناگات، ئەوە من نموونەی خۆمی بۆ دەهێنمەوە و ئامۆژگاری دەکەم کە ئارام بگرێت و باوەڕی تەواوی بە خودا بێت و بزانێت کە خودا کەس بێ ئومێد ناکات." ...

September 20, 2020

"لەڕێگەی کاری خۆبەخشییەوە توانیومە بەشداری چەندین چالاکی بکەم کە هەوڵیان بۆ گۆڕانکاریداوە لە کۆمەڵگەدا. ساڵی ٢٠١٦ کاتێک قوتابی قۆناغی دووەمی زانکۆی دهۆک بووم، خۆبەخشانە ڕابەرایەتی خۆبەخشەکانی سەنتەری زانکۆی دهۆکم دەکرد. لەگەڵ گروپێک لە خۆبەخشەکانی ناو زانکۆدا چالاکی و پلانی زۆرمان جێبەجێکرد بۆ بەرەوپێشبردنی توانای گەنجان. لە دوای ئەوە و لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستمکرد بە کاری خۆبەخشی لەگەڵ دامەزراوەی دەنگی گەنجان و لە دوایشدا لەوێ دامەزرام. لە ئێستادا کات و هەلومەرجی زۆر باشم هەیە بۆ پلاندانان و بەڕێوەبردنی چالاکی بۆ گەنجان. جوانترین پڕۆژە بە لای خۆمەوە پڕۆژەی 'کتێبخانە بچوکە ئازادەکان'ە، ئەویش لەلایەن کۆمەڵێک هونەرمەندەوە جێبەجێکراوە و خۆشم یەکێک بووم لەوان. هەریەکەمان کتێبخانەیەکی بچوکمان دیزاین کردووە و بنیاتمان ناوە، بیرۆکەکە ئەوەیە کە هەر کەسێک کتێبێکی خوێندبێتەوە و پێویستی پێنەماوە و لەمەودوا نایخوێنێتەوە، ئەتوانێت لە یەکێک لەم کتێبخانە بچوکانەدا دایبنێت و دانەیەکیتر لەبری هەڵبگرێت بێبەرامبەر. ئەم کارەش کلتوری خوێندنەوە و بەخشین بڵاودەکاتەوە و لە چەند شوێنێکی جیاوازی شاری دهۆکدا دامانناون." ...

September 20, 2020

"سێ ژنم هێناوە، بیست منداڵم هەیە و ئەو بیست منداڵە ئێستا بونەتە سەد و دوو نەفەر. دەربەدەری زۆرم کێشاوە لە ئێران و عێراق، بۆیە ئێستا زۆر پەشیمانم و هەڵەبووم کە ئەو کاتە سێ ژنم هێنا. ئێستا لەجێی چەند کەسێک خەفەتی سەد و دوو نەفەر ئەخۆم. کاتێک گەنج بووم ئەوندە جوان بووم، نەمدەتوانی دەست بەخۆمدا بهێنم و بڕۆمە دەر و لەناو بازاڕ هاتوچۆ بکەم بەڵام ئێستا ئاوام لێ هاتووە. حەفتا وپێنج ساڵ تەمەنمە و ئەگەر ئێستاش تۆزێ جوانتربام ژنێکی دیکەشم دەهێنا بەڵام ئێستا خەفەتم ئەوەیە ناتوانم ژنێکی تر بهێنم. جاران هەر لە دوورەوە کە ئەهاتم سڵاویان لێ دەکردم و پێیان ئەوتم توخوا جوابمان بەرەوە بەڵام ئێستا سڵاویش ئەکەم کەس جوابم ناداتەوە." ...

September 19, 2020

"ماوەی چەند ساڵێکە لەهەولێر دەژیم، ئەوەم بەچاوی خۆم دیوە کە هەولێر شاری پێکەوە ژیانە. جگە لەمنی عەرەب زمان چەندین نەتەوەی ترم لێرە بینیووە کە وەک من لێرە بە ئاسودەیی دەژین. کاری من وێنەکێشانە، ڕۆژانە لە بن دیواری قەڵات خەریکی ئاسودەکردنی دڵ و دەرونی خۆمم. ئەوەی من خۆشحاڵ دەکات ئەوەیە خەڵکەکەش وەک خۆم ڕێز لە پیشە وهونەرەکەم دەگرن. بۆ من گرنگ نییە ئەوانەی وێنەیان دەکێشم کەسی سیاسیین، یاریزانن یان هونەرمەندن. ئەوەی لەسەر منە داواکاری بەرامبەرم بەشێوازە هونەرییەکە جێبەجێ بکەم. ڕاستە من لەبری کارەکەم بڕێک پارە وەردەگرم، بەڵام قەت پارەم نەکردۆتە پێوەر بۆ کارەکانم. چونکە من زۆر لەوە زیاتر چێژ لەکارەکەم دەبینم بۆیە چەندین کەس هەبووە بێ بەرامبەر وێنەم کێشاون." ...

September 19, 2020

"وا نزیک ئەبێتەوە لە چواردە ساڵ کە بەم دوکانەوە خۆم خەریککردووە. ڕۆژانە هەژدە کاتژمێر لێرەم و نامەوێت هەستبکەم دەست بەتاڵم. بەردەوام ئەمەوێت سەرقاڵی کاربم و بیر لەم دنیایە نەکەمەوە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر حەز بە پاک ڕاگرتنی دوکانەکەم ئەکەم، بەردەوام شتەکان و بەردەم دوکانەکام پاک ئەکەمەوە. ڕۆژێکیان لە کاتی پاککردنەوی بەردەم دوکانەکەم، دراوسێیەکم کە ژنێکی کەمێک بەتەمەنە، پێیوتم عەزێت نەبێت ئەتوانی بەردەم ماڵەکەی منیش پاک بکەیتەوە؟ زۆرلام سەیر بوو. بەڵام پێموت بە چاوان دایکە گیان دوای ئەوەی خۆم، بۆتۆشی پاکدەکەمەوە." ...

September 18, 2020

"وەک پەیامنێری مەیدانی کار بۆ یەکێک لە دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن دەکەم. کاتێک بەکەلۆریم تەواوکرد، لەسەر ئاستی شاری حەسەکە دووەم بووم و لەسەر ئاستی سوریاش حەوتەم بووم. نەڕۆشتمە زانکۆ، چونکە ئەو بەشەی ئارەزووم دەکرد تەنها لە شاری لازقیە هەبوو و بەهۆی باری داراییەوە نەمتوانی خۆم ناونووس بکەم. ماوەیەکی زۆر بەو خەمەوە تلامەوە، بەڵام بەهۆی پشتگیری خێزانەکەم لە پەیمانگایەکی ڕاگەیاندن خۆم ناونووس کرد و دوای چەند مانگێک بوومە پەیامنێر. لە ماوەی کارکردنمدا تووشی چەندین ڕووداوی جۆراوجۆر بووم. یەکێک لەوانە ئەوەبوو کاتێک سەرقاڵی ڕاپۆرتێک بووین دەربارەی ژنانی داعش لە کەمپی (الهول)، کە بە مەترسیدارترین کەمپ دادەندرێت لە جیهاندا، یەکێک لە ژنەکان پەلاماریدام و بە چەقۆیەک هەوڵیدا بمکوژێت، بە بیانوی ئەوەی کە پەچەم لەبەرنەکردبوو و بە کافر ناوی بردم. ئێستا بەتەنها لەگەڵ خێزانەکەمدا دەژیم و براکانم هەموویان چەند ساڵێک پێش ئێستا بەرەو وڵاتە ئەوروپییەکان کۆچیانکرد." ...

September 18, 2020

"جاران کاری کشتوکاڵمان دەکرد، مەڕوماڵاتمان هەبوو و ئاژەڵداریمان دەکرد، بەڵام ئێستا توانامان نەماوە. هاوین بۆ هاوین تۆو دەفرۆشین. تەماتە، بیبەر و باینجانی ڕەش دەچێنین و کە پێدەگەن دەیانفرۆشین. هاوینان تۆویان لێدەگرین و بۆ ساڵی ئایندە هەندێکیان دەچێنین و هەندێکیان دەفرۆشینەوە. من و خێزانم بەتەنهاین و پێکەوە کاردەکەین. ڕاستە تەمەنمان سەرکەوتووە، بەڵام لامان گرنگ نییە. بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆمان ئەم کارە دەکەین. جاران هەلومەرجی ژیان زۆر ئاسانتر بوو، بەڵام ئێستا ژیان قورس بووە." ...