Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

January 18, 2023

"لە گوندی تەل زیوانی نزیک قامیشلۆ دەژیم. لە منداڵییەوە خەریکی کشتوکاڵم و ئێستاش کە تەمەنم ٦٥ ساڵە هەر بەردەوامم. ئەمە پیشەی باو و باپیرانمان بووە و ئێمەش دەستبەرداری نابین. لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی کەمی باران و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە ئاستی بەرهەمهێنانمان کەمبوو، ئەگەر هەر بەوشێوەیەش بمێنێتەوە ئەوا زۆر مەترسیدارە، بەتایبەت لە ناوچەکەی ئێمە کە لە ناوچە هەرە گرنگەکانە بۆ کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی گەنم لە رۆژاوا و سوریا.لە ساڵی نوێشدا هەر گەنم دەچێنین تەنانەت ئەگەر ڕێژەی بارانیش کەمبێت، پشت بە ئاودان دەبەستین. هەرچەندە ئەمە تێچووی زۆرە بەڵام هیچ رێگەچارەیەکی ترمان نییە بۆ رزگاربوون لەم کێشەیە." ...

January 11, 2023

"بیرم نایەت ئیرەییم بە هیچ کەس بردبێت بەڵام ئێستا کە چوومەتە تەمەن و لە قاچ کەوتووم، فێرە ئیرەیی بوومە. کە سەیر دەکەم کەسانێک لەسەر قاچەکانیان وەستاون و نوێژ بۆ خودا دەکەن، ئیرەییان پێ دەبەم. زۆرجار شەرم دەکەم کە دانیشتووم و نوێژ دەکەم. من بەرانبەر زاتێک وەستاوم کە دەسەڵات و هێزی گەورە هەر لای خۆیەتی. هەر خۆشی ئەوەڵ و کۆتا خاوەنییەتی. لەزەتی ئیمان تەنیا ئەوانە هەستی پێدەکەن کە ڕاستگۆن لەگەڵ خۆشەویستییەکەیان بۆ خودا. زۆر ڕێگا هەن بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ خودا، بەڵام بۆ من نوێژ بەچێژترینیانە". ...

January 15, 2023

"Ez ji Erziromê me. Ez û hevserê xwe ji bo debara xwe bikin hesin çêdikin, ji bo ku xeyalên xwe pêk bînin jî peykeran çêdikin. Hemû tiştên ku bi hesin çêdibe dizanim. Ez yek ji karên herî dijwar dixebitim. Hesin ji ber ku bi agir germ dibe bi evînê diheje. Ew min pir kêfxweş dike. Li vir nêrîneke min a cuda heye. Ez hewl didim ku berhemên ku yekparebûna xweza û mirovan nîşan dide biafirînim. Ez jî hewl didim di şert û mercên îroyîn de helwesta jinê nîşan bidim. Pîşeya min a sereke moda ye, lê ez moda bi awayekî din dijîm". ...

January 4, 2023

"ناوم حسێن عەبیدە و ته‌مه‌نم ٥٠ ساڵه‌. له‌ تەل تەمر له‌ ناوچه‌ی پێكدادان له‌ نێوان هێزه‌ کوردییەکان، هێزه‌كانی توركیا و لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كانی سه‌ر به‌ ئەوان ده‌ژیم.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ گونده‌كه‌مان بەشێوەیەکی نیمچە بەردەوام توشی بۆردومانی توركیا ده‌بێت، به‌ڵام خۆم و خێزانه‌كه‌م ماڵەکەمان جێنەهێشتووە و ناڕۆین. ماڵ و گوند جێهێشتن زۆر سه‌خته‌ من ئاماده‌م له‌ گوند بمێنمه‌وه‌ و به‌رگه‌ی لێدان و بۆردومان بگرم به‌ڵام ناچم بۆ كه‌مپ و له‌ناو خێمەدا بژیم. هەمیشە پارچەی تۆپەکان له‌ ناو شه‌قامه‌كانی گوند هه‌ن و هه‌موو به‌یانییه‌ك لەخوا دەپاڕێینەوە كه‌ ئاشتی و ئاسایش به‌رقه‌رار بكات له‌ رۆژئاڤا و سوریا و جه‌نگ كۆتایی بێت". ...

january 26, 2023

“ناوم فریشتە حسێنییە و خەڵکی ئاوایی مەیوانی سەربە شاری پاوەم. نزیک بە ٢٠ ساڵە خەریکی کڵاشچنینم. لە تەواوی هەورامان کڵاش سپییە و چونکە بەو شێوازە موشتەریمان کەم بوو، هاتم بە شێوازێکی تازە دەستمکرد بە چنینی کڵاشی رەنگاوڕەنگ. گوندەکەمان شوێنێک بوو کە گەشتیاری زۆر بۆ دەهات، یەکەمجار بە یەک کڵاشی ڕەنگی دەستمپێکرد کە زۆر گەشتیاران زۆر حەزیان لێبوو. پێشتر فەقەت پیاوان کڵاشیان بەکارئەهێنا بەڵام بەم شێواز نوێیە ژنان زیاتر لە پیاوان بەکاریئەهێنن .سەرەتا ٣٥ کەس لە گوند خەریکی کڵاشچنین بوون بەڵام ئێستا لە هەموو ماڵەکانی مەیوان ژنان و کچان خەریکن بە گوندی کڵاش لە ئێران سەبت کراوە.” ...

January 15, 2023

"ناوم حەبیبەیە و خەڵکی گوندی پاڵەنانی سەر بە ناوچەی کامیارانم. تەمەنم ٥٣ ساڵە و لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە مێردم کردووە. مێردەکەم چوار خۆیشک و برایەکی کەمئەندامی بوو کە لەگەڵیان دەژیام و هەموویانم دانە دانە گەورەکرد. زۆر منداڵبووم کە بابم بەهۆی لافاو لە گوندەکە ئاو بردی و هیچکات جەستەیان پەیدانەکرد. دایکم فێری نانکردنی کردم، ئەوەندە بۆی گرنگبوو هەمووکات دەیگووت دۆڵی نانتان با هەمیشە پڕ نان بێت، کە میوانتان هات نان لە چێشتەکە گرنگترە. هەر لەبەرئەوە منیش تەواوی کچەکانی خۆم و بنەماڵەی خەزوورانم فێرکرد". ...

December 18, 2022

"لە هەشتاکاندا بەهۆی ئەوەی قوتابخانەی گوندەکەمان داخرا و نەماندەتوانی رۆژانە چەند کاتژمێرێک بە پێ بڕۆینە قوتابخانەکانی شار، لە پێنجی سەرەتایی وازم لە خوێندن هێنا. ئیتر دەستمکرد بە یارمەتیدانی باوکم و لە چیا سماق و سێومان لێدەکردەوە و بژێوی ژیانمان لەسەر ئەو بەروبوومانە بوو.کە گەورەتر بووم دەستمکرد بە کرێکاری، سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ بووم بە نەقار و خانوومان دروست دەکرد. لەوکاتەوە ژیانم لەگەڵ چەکوش و بەرد تێکەڵبووە. ئێستا هەر سەیری بەردەکە بکەم دەزانم بە کەڵکی خانوو دێت یان نا. ئیشەکەم قورسە و رۆژانە هەشت کاتژمێر کار دەکەم، شەوان لەبەر ئازاری دەست و شانەکانم دەناڵێنم، بەڵام هێشتا دڵخۆشم چونکە نانی حەڵاڵ بە منداڵەکانم دەدەم." ...

December 6, 2022

"هەرچەندە قەڵەویی من بۆ ماوەیییە، بەڵام ناکرێ ئەوە بکەمە بیانوو و جەستەم پشتگوێ بخەم. بەهۆی سەختی گوزەرانەوە زۆربەی کاتەکانم لە چێشتخانەکەم کار دەکەم، بۆیە حەزمدەکرد دەرفەتێک هەبووایە و بمتوانیبایە ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک وەرزش بکەم. ئێستا لەبری وەرزش، سیستەمێکی خواردنم بۆخۆم دروست کردووە و ڕێجیمێکی باش دەکەم. زۆرجار برادەران دەڵێن تۆ چۆن دەتوانی خواردنی چەور و کاربۆهیدرات لەخۆت حەرام بکەی لەکاتێکدا تۆ کەبابچیت و ڕۆژانە ئەو خواردنە خۆشانە دەڕازێنیەوە و لەپێش خەڵکی دادەنێی. بەڵام دەبێ ئەوە بزانین ژیان تەنیا خواردن نییە. تەندروستی و جەستەڕێکیش زەرورەتن. تۆ کە نەتتوانی جلێک بەدڵی خۆت لەبەر بکەی، یان دەیەها دەردت بۆ پەیدا بوو، خواردنی خۆش چ بەهایەکی هەیە؟ ڕاستە من خواردنم زیاتر میوە و سەوزەیە، بەڵام لەوەدا خۆشحاڵم کە تەندروستم و ئاگاداری جەستەی خۆمم". ...

December 13, 2023

"تەمەنم ١٢ ساڵە و خەڵکی سەرێ کانیم. خانووەکەمان لەترسی بۆمبارانی رژێمی تورکیا لەدەستدا و وەکو پەنابەر هاتینە حەسەکە. ئێستا لە ماڵێکی بچووکدا دەژین لەو کێڵگەیەی کە باوکم کاری تێدا دەکات. وازم لە خوێندن هێنا تاوەکو یارمەتی باوکم بدەم، لە رۆژانی پشوودا لەگەڵ باوکم ئاوی کێڵگەکە دەدەم و ڕۆژانی دیکەش کاری میکانیکی ئۆتۆمبێل دەکەم. بەهۆی سروشتی کارەکەمەوە بەردەوام دەستەکانم بەهۆی رۆنەوە پیسە چونکە وەک میکانیک و وەک جوتیاریش کاردەکەم. حەزم لە خوێندنە بەڵام لەبەرئەوەی ژیان سەختە و باوکم بە تەنیا ناتوانێت بژێوی ژیانمان دابین بکات پێویستە کار بکەم". ...

January 8, 2023

"Mi li zanîngehê beşa elektronîkê xwend. Piştî mi qedand mi ev kar qet nekir. Mi li dervê bajêr ji xwe re erd girt û qadek jiyana xwezayî çêkir. Ez rojên xwe zêdetir li vir bi axê re, bi dar û çandiniyê re derbas dikim. Êdi ez dizanim ku xweza dermanê her derdî ye. Mi gelekî rehet û kêfxweş dike. Di heman demê de ez wênegirim. Gund bi gund bajar bi bajar digerim wêneyan dilkşînim. Dema li gunda mi wêne di girt di axaftina bi gundîyan re ez hînbum ku êdî tovên heremî pir kêm buye. Vê mijarê dile mi êşand. Her wiha mi biryar da ku dema ez biçim gunda ezê tovên heremî berhev bikim û bînim li baxçeyê xwe biçînim. Mi bi dehan cureyên tovên heremî berhev kir û ezê biharê wan biçînim. Ez hêj berhev dikim. Piştre ezê wan li gundî û cotkaran jî belav bikim. Ez dixwazim ku weke berê her tişt xwezayî be". ...

December 1, 2023

"ناوم شەربەت رەمەزانییە و خەڵکی ئاوایی پاڵنگانی سەر بە ناوچەی کامیارانم. بەبۆنەی ئەوەی دایکم ژنێکی ئازا و هونەرمەند بوو، لەپازدە ساڵییەوە فێری زۆر ئیش و هونەری کردووم. ئێستاش تەنیا من و دایکم دەتوانین مەوج بچنین لەناوچەکە، بۆیە هەرکەس گەرەکی بێ فێربێت، ئەبێت بێتە لای دایکم. شوکر بۆ خوا هەم پارەی پێ بەدەستدەهێنم هەم سەرقاڵمی کردووە و شانازی ئەکەم کە هونەرێکی تایبەتی کوردەواری کە خەریکە لە بیردەچێتەوە بە شێوازی کۆن بەردەوامم .ئەوندە هونەر دەزانم کە ئەگەر هونەر یان شتێکی تازە ببینم و نەزانم لێی، بەتەماشاکردنێکی فەوری دەچمە سەری و فێری دەبم، هەر ئەمە بووتە هۆی ئەوە بە ژنێکی ئازا و هونەرمەند بمناسن". ...

November 27, 2022

"رۆژگارێک کەس نەیدەوێرا لەم شارە گرەوم لەگەڵ بکات لە بەرزکردنەوەی قورساییدا، ئێستاش گریانم بۆ حاڵی خۆم دێت کە ئاوا بێهێز خۆم دەبینم. ئەگەر ئێستا بۆ خەڵکی باس بکەم فەردە ئاردێکم بە یەک دەست بەرزکردۆتەوە ڕەنگە جێی باوەڕ نەبێ، بەڵام دەتوانن لە هەموو ئەوانە بپرسن کە حەماڵی کۆنن لەو بازاڕە یان هاوتەمەنەکانی خۆم، چونکە زۆرینەیان لە دیار گرەوکردنەکانم دانیشتوون. فەردە ئاردێکی ٥٠ کیلۆییم بەیەک دەست بەرزدەکردەوە و هەرئەوەش وایکرد ژمارە ٥٠ لەسەر قۆڵم بکوتم. ئێستاش هێزی هەڵگرتنی سۆبا و غازێکم نییە، بەڵام شوکرانەی خودا دەکەم کە لەشساغم و نەخۆش نیم. پیرییە و شەرم لەکەس ناکات ئیتر". ...