Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 17, 2020

"سی ساڵ بەر لە ئێستا، شەوێک خەونێکی سەیرم دی کە تاکو ئێستا ناتوانم لە یادی بکەم. لە خەونمدا گوێم لە دەنگی منداڵێکی شیرەخۆرە بوو لە دەوروبەرمدا دەگریا، لە بەردەممدا تەنها حەوت دەرگا هەبوون. دڵم ڕێی دەرگای حەوتەمی نیشاندام، دوای ئەوەی دەرگاکەم کردەوە، شێخێکی بەتەمەن لەودیوی دەرگاکە وەستابوو و منداڵێکی شیرەخۆرەی لە باوەشدا بوو و پێی وتم: ئەم منداڵە هەتیوە و دەبێت ئاگاداری بیت، ڕاستەوخۆ منداڵەکەم گرتە باوەش. بۆ ڕۆژی داهاتوو کاتێک بەخەبەر هاتم زۆر دڵخۆشبووم، ئەو خەونە هەر لە یادەوەریمدا مابۆوە. دوای چەند ساڵێک هاوسەرگیریم کرد. لەگەڵ هاوسەرەکەم ماوەی سیانزە ساڵ چاوەڕوانی منداڵێک بووین. لە کۆتاییدا دکتۆرەکان بێهیوایان کردین لە منداڵبوون. بۆیە لەگەڵ هاوسەرەکەم بڕیارماندا منداڵێک لەخۆبگرین." "ڕۆشتین بۆ خانەی بێسەرپەرشتان و پێمان وتن کە ئارەزووی لەخۆگرتنی منداڵێک دەکەین. کارەکان زۆری نەخایاند، دوای هەفتەیەک لەلایەن خانەکەوە پەیوەندیمان پێوەکرا و پێیان ڕاگەیاندین منداڵێکی شیرەخۆرە گەیەندراوەتە خانەی بێسەرپەرشتان و سەرجەم خێزانەکەی چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانییان لەدەستداوە و هیچ کەسێک نییە سەرپەرشتی بکات. بێ هیچ دوودڵییەک بڕیارماندا لەخۆمانی بگرین و ببمە دایکی. کاتێک ڕۆشتین بۆ وەرگرتنی، تەنها منداڵێک بوو کە تەمەنی تەنها مانگ و دوو مانگ دەبوو، بەڵام لەلای من وەک گەنجینە و دیاری خودا وابوو. ئێستا تەمەنی چوار ساڵانە و گۆڕانکارییەکی زۆری لە ژیانماندا کرد و پڕیکرد لە خۆشی و شادی." ...

September 16, 2020

"ماوەیەکی زۆرە براکەم خەریکی کاری گوڵفرۆشی و ئامادەکردنی گوڵە بۆ بۆنەکان، کاتێک منیش بڕیارمدا دەستبکەم بە ئیشکردن، بە هۆی ئەوەوە دەستم بەم کارەکرد. بۆ من ئیشێکی زۆر خۆشە، هەموو جۆرە کەسێک ڕوومان تێدەکات. زۆر کات لە کاتی ئامادەکردنی گوڵەکاندا هەستم بەو لایەنە دەرونییە خراپەی کۆمەڵگە کردووە کە لە زۆر لایەنەوە توشی خەمۆکی بووین. بەڵام لەگەڵ ڕێکخستنی هەر گوڵێکدا هیوایەک بەدیئەکەم و ئەبینم کە خەڵک هەوڵئەیات دڵخۆش بژی. بۆنەمان زۆرە، خەڵک داوای گوڵمان لێئەکات بۆڕۆژی دایکان، ڕۆژی باوکان، ڕۆژی هاوسەرگیری، یاخود ڕۆژی خۆشەویستی، سەرجەم بۆنەکان خۆشی تایبەتی خۆی هەیە. بیرمە ڕۆژێکیان خەریکی گوڵێکی زۆر تایبەت بووین بۆ زاوایەک، بەڵام زاواکە زۆر شڵەژاو بوو و زۆریش پەلەی بوو، کاتێک گوڵەکەمان تەواوکرد زاوا لە خۆشیدا گوڵەکەی بیرچوو. تەنها یەک کات هەیە کە هەست بە ئارامی ناکەم، ئەویش ئامادە کردنی گوڵە بۆ هەندێک کەس کە ئەیبەن بۆ سەرگۆڕی ئازیزانیان!" ...

September 16, 2020

"خوا منداڵی پێ نەداین، هەرچی خواش نەیدا هیچی لەگەڵ ناکرێت. چل وپێنج ساڵە ژنم هێناوە و بە درێژایی ئەم ساڵانە دوو بە دوو لەگەڵ خێزانم پێکەوە ژیاوین و لەسەر سفرەیەک بووین. نە دەنگی منداڵێکمان بیست، نە زانیمان تامی دایکایەتی و باوکایەتی چییە. پیربووم و حەفتاوحەوت ساڵ تەمەنمە، تازە کرێکاریم پێناکرێت، بۆیە وا بۆ سێ ساڵ دەچێت کوانووی هەنگ دەگەڕێنم و لایان دەمێنمەوە. لە مانگێکدا سێ ڕۆژ دەڕۆمەوە ماڵەوە و سەری مانگ موچەیەکی کەم لە خاوەنی هەنگەکان وەردەگرم. خێزانم چەند نەخۆشییەکی هەیە و لە ماڵەوە کەوتووە، جاروبار هەڵدەسوڕێ و تا ڕادەیەک کار و باری خۆی بە ڕێدەکات. سەرەڕای ئەمانە گوێ نادەمێ، گەر هەرئاوا بمێنین وخۆم بتوانم کارێک بکەم زۆر باشە. هەنگ زۆر پێوەیداوم، هەنگەوانی کارێکی ئاسان نییە و زۆر هەستیارە، منیش زۆری لێ نازانم و خاوەنی هەنگەکان زیاتر سەری لێدەردەچێت." ...

September 15, 2020

"من محەمەدم، کاری فۆتۆگرافەری دەکەم لە ئامەد. لە تەمەنێکی زووەوە دەستم بەم کارە کردووە. لە ساڵی ١٩٧٠ یەکەم وێنەم گرت، ئەویش وێنەی خێزانەکەم بوو. پاشان لە ساڵی ١٩٧٤دا لە گۆڤارێکی شاری ئەنقەرەدا بڵاوبۆوە. لە ساڵی ١٩٧٦ دەستم بە کاری ڕۆژنامەوانی کرد، لەو ساڵەوە تاکو ساڵی ١٩٩٢ بەردەوام بووم لە کاری فۆتۆگرافی و ڕۆژنامەوانی و کارم لەگەڵ زۆرێک لە ڕۆژنامەو ئاژانسە تورکییەکاندا کردووە. لە دوای ساڵی ١٩٩٢، بە ناچاری وازم لە کارەکەم هێنا. دوای ئەو چەند ساڵە خۆم بە لێکۆڵینەوەی کلتوری و هونەرییەوە سەرقاڵکرد و هەندێکیان لە چەند ڕۆژنامەیەکدا بڵاوبوونەوە. ئەم ١٠ ساڵەی ڕابردووش دەستم بە کاری وێنەکێشان کردووە." "لە ساڵی ٢٠١٧دا فیدراسیۆنی جیهانیی هونەر بە فەرمی منی وەک فۆتۆگرافەر ناساند و لە ساڵی ٢٠١٨ش خەڵاتی هونەرییان وەک هونەرمەند پێشکەشکردم. تاکو ئێستاش لە لایەن ٢٠ ڕێکخراوی فۆتۆگرافی لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە وەک ئەندامی فەخری هەڵبژێردراوم. وێنەی جێگە مێژووییەکان و وێنەی سروشت دەگرم و لە ئێستاشدا کار لەسەر وێنەی پۆرترەیتی هونەرمەندە کوردەکان دەکەم، تاکو ئێستا وێنەی ٢٠٠ هونەرمەندی کوردم گرتووە. لە دهۆک، سلێمانی، لە ڕانیە و هەولێر. لە باشوری کوردستان پێنج پێشانگای فۆتۆگرافیم کردۆتەوە، لە ئامێدی دوو پێشانگا و لە باتمان، ئورفە و ئەمەریکاش دوانزە پێشانگام کردۆتەوەووە." ...

September 14, 2020

"ئەو کاتەی داعش پارێزگای موسڵی گرت، ژیانی هەموومان کەوتە مەترسییەوە. بەهۆی نزیکی لادێکەمانەوە لە سەنتەری شارەوە ئێمەش بەدەرنەبووین لەوترسە، بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆمان بەجێهێشت و ڕوومان لە هەولێر کرد. لێرە خەڵکەکە زۆر باشن لەگەڵمان وڕێزمان لێدەگرن، بەڵام ئەوە شتێکی حاشاهەڵنەگرە کە هیچ شوێنێک نابێتە زێدی بابو باپیرانت. بۆیە زۆر غەریبی ئێوارانی لادێکەمان دەکەم و تامەزرۆی بینینی هاوڕێکانمم. بەهیوام ڕۆژێک بچینەوە شوێنی خۆمان و بچمەوە بۆ خوێندن. ڕاستە لێرە مەترسی لەسەر ژیانمان نییە، بەڵام بەڕاستی ژیانمان زۆر ناخۆشە. ڕۆژانە من و باوکم خەریکی ئاژەڵدارین بۆ خاوەنی کێڵگەیەک، بەڵام پارەکەی زۆر لەوە کەمترە کە پێوەی ماندووئەبین. ئومێدە خوازم ئەم دۆخە ناخۆشە تێپەڕێ و دووبارە بە ژیانی ڕاستەقینەی خۆم بگەمەوە." ...

September 14, 2020

"لە منداڵییەوە کاریگەر بووم بە بیڕوباوەڕی دکتۆرە نەوال سەعداوی، کە یەکێکە لە چالاکوانە زاناکانی میسڕ لە بواری ژنان و ئازادی ژنان لە کۆمەڵگەدا. هەربۆیە ئارەزووی خوێندنی بەشی زانستی ژنان (ژنۆلۆجی)م کرد لە زانکۆی ڕۆژئاوا و ئێستا لەوێ دەخوێنم، ئەم بەشە لای زۆرێک لە خەڵکی ناسراو نییە. بەڵام زۆر شانازی پێوە دەکەم. کۆلێجی زانستی ژنان بیرۆکەیەکی تازەیە و لە فیکری عەبدوڵا ئۆجەلانەوە وەرگیراوە. چەندین کادری زۆر باشمان هەیە کە زۆریان لە بواری ژناندا کاردەکەن لە ڕۆژئاوا. زۆر قورسە بەشێک بخوێنیت کە خەڵکی هیچی دەربارە نازانن، هەمیشە خەڵکی ئارەزوو دەکەن بەشی پزیشکی و ئەندازیاری یاخود بەشێکی دیار بخوێنن، بەڵام ئەم هەڵبژاردنەی من بە نیسبەت کۆمەڵگەوە شتێکی سەیر و تازەیە. تەنانەت خێزانەکەم و هاوڕێکانم ئەم بڕیارەی منیان بە دڵ نەبوو، بەڵام خۆم زۆر پێداگربووم لەسەر خوێندنی زانستی ژنان، بۆ ئەوەی ببمە چالاکوانێکی باش لە داهاتوودا." ...

September 13, 2020

"لە پەیمانگای تەکنیکی شێخان بەشی ژمێریاریم تەواو کردووە، بەڵام ئەمەوێت باسی ئەوە بکەم چۆن خۆشەویستیم بۆ هونەر دەستیپێکرد. هەمیشە ئارەزووی وێنەکێشانم و هێڵکاریم کردووە و هەموو شتەکان لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە دەستیپێکرد، کاتێک زانیم بەهرەیەکم هەیە و پێویستەکات وایلێبکەم بدرەوشێتەوە. هەربۆیە لە منداڵییەوە کارم لەسەر تواناکانم کرد، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، ساڵ دوای ساڵ، هەوڵم دەدا وێنەی شتەکانی دەوروبەرم بکێشمەوە، بەدڵنیاییەوە لە سەرەتادا زۆر بەباشی دەرنەدەچوون، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە باوەڕت بە خۆت و بەو شتە هەبێت کە خۆشتدەوێت و خەریکییت. بۆ ئەوەی لە داهاتوودا شانازی بەخۆت و بەو شتانەوە بکەی کە هەتن. ئەوەتا من ئێستا پەرەم بە تواناکانم داوە و هیچ شتێک ناتوانێت لە وێنەکێشان بموەستێنێت. بۆیە ئەوە بکە کە ئارەزووی دەکەیت و ئارەزووی ئەوە بکە کە دەیکەیت." ...

September 13, 2020

"بڕیارمدا بچمە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و بەردەوامبم لە کاری هونەری، بەڵام ئەبوو دایک و باوکم بەجێبهێڵم و بچمە داخلی و ژیانێکی قورس بەڕێبکەم. پێنج ساڵ مامەوە لە داخلی، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە دڵم لای دایک و باوکم بوو، چونکە من مناڵی بچوکی ماڵەوە بووم، زۆر هۆگری دایکم بووم. کاتێک پەیمانگام تەواوکرد، نمرەیەکی باشم هێنا و ئەمتوانی بەردەوامی بە خوێندنەکەم بدەم لە زانکۆ. بەهۆی ئەوەی باری دارایم ئەوەنە باش نەبوو و دایکیشم ناساغ بوو. حەزمئەکرد کارێک بکەم و یارمەتی دایکم بەم، ساڵی یەکەمی زانکۆم بەڕێکرد و ناوم بۆ دامەزراندن هاتەوە. بۆیە وازم لە خوێندن هێنا و تەنها لەبەر خاتری دایکم خۆم دامەزراند، حەزمئەکرد تا زووە شتێک پارە کۆبکەمەوە و بیبەخشم بە دایکم. لەو کاتەدا ئەبوو سێ مانگ بەردەوام بیت، پاشان موچەیان سەرفەکرد بۆت. ئەوە بوو سێ مانگەکە تەواو نەبووبوو دایکم کۆچی دوایی کرد. ماوەیەکی زۆر لە خوێندن دواکەوتم، پاشان دوای سێ ساڵ گەڕامەوە و توانیم زانکۆ تەواو بکەم و هەر لەو ماوەیەشدا ژیانی هاوسەریم پێکهێنا." ...

September 12, 2020

"هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی زمانی ئینگلیزیم دەکرد، پێمخۆشبوو بزانم چێ ئەڵێن کاتێک قسە دەکەن. لەو کاتەوە زمانەکەم باشبوو، بۆیە هەموو ئاواتم ئەوەبوو گەورە ببم و بڕۆمە زانکۆ و زمانی ئینگلیزی بخوێنم. دواتر ماوەیەکی زۆر لە قوتابخانەکانی سنە وانەی ئینگلیزیم دەوتەوە. فێربوونی زمانێکی دیکە وای لە من کرد کە بە فەرهەنگی جێگایەکی تر ئاشنا ببم و زیاتر دنیا ببینم. بەڵام ئەگەر ئەوکات هەمان بیروباوەڕی ئێستام هەبووایە، زمانی ئینگلیزیم لە پاڵ شتێکی دیکەدا دەخوێندن. لەگەڵ ئەوەی کە زۆر کەڵکم لێوەرگرتووە، بەڵام پەشیمانم. هەمیشە ئارەزووی تەنهاییم کردووە و بەردەوام تەنها بووم. بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا چەند کتێبێکم دەربارەی خۆناسی خوێندەوە، واملێهات لەو تەنهاییە بێمە دەرێ و زیاتر لەگەڵ دۆستانمدا تێکەڵ ببم. ئێستا زۆر دەچمە دەرێ و بەردەوام حەز بە کۆبوونەوەی هاوڕێیان و ناو خەڵکی دەکەم. تەنانەت ئارەزووی ئەوە دەکەم گەشت بکەم و خەڵکی نوێ بناسم و ئاشنای کەسانی دیکە ببم." ...

September 12, 2020

"ساڵی ١٩٩٦ کۆمەڵێک کاروان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ڕووداوێک بووبوون، یەکێکیان کەوتبووە ئاوەوە وخنکابوو و نەیانتوانیبوو تەرمەکەی بدۆزنەوە. ئەو ئاوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دێت بەرەو باشوری کوردستان تەرمەکەی گەیاندبووە ناوچەی دوکان و کۆمەڵێک کەس دۆزیبوویانەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو سەردەمە مۆبایل و شت نەبوو، هەر لەوێ لە قەراغ ئاوەکە ناشتیان و بەردێکی گەورەیان خستە سەری تا شوێنەکەی دیار بێت و ون نەبێت. لە دوای هەشت ساڵ کاتێک هەواڵ گەشتبووە بنەماڵەکەی و زانیبوویان لێرەیە هاتبوون بۆ سۆراخی. ئەو ڕۆژە من و چەند هاوڕێیەکم خەریکی ڕاوە ماسی بووین، هاتنە لای ئێمە پرسیاریان کرد، من شوێنەکەم ئەزانی و بردمن بۆلای گۆڕەکە. هەر ئەو ڕۆژە یارمەتیمدان بیبەنەوە ناوچەی خۆیان. ڕەنگە گێڕانەوەی زۆر سادە بێت، بەڵام هەرگیز ئەو ڕۆژەم بیرناچێتەوە." ...

September 11, 2020

"ئێستا کە گەورە بووم حەزدەکەم بەرگی یادەوەری منداڵیم ھەڵبدەمەوە و بگەڕێمەوە ئەو ساتانەی منداڵی و وردە وردە بڕۆمە ناو خەیاڵ و باسی ئەو کاتە. لە منداڵیدا حەزم لە دووچەرخە بوو، بەڵام سێ چەرخەیەکمان هەبوو دادەم زۆرتر سواری دەبوو. من ھەر نەمتوانی دووچەرخە فێر ببم، چوونکە ئیتر وردە وردە گەورە بووم و کۆمەڵگای ئەو کات پێی قبوڵ نەبوو. ئەو خۆزگەیە لە دڵمدا ھەتا ئێستا کە تەمەنم بیستوهەشت ساڵە مایەوە. مانگێک دەبێت فێری دووچەرخە بووم، بەڵام تازە تامی ئەو کاتەی منداڵی نادات، ئارەزووەکان کە مردن ئیتر زیندووکردنەوەیان زەحمەتە. ئێستا کە گەورە بووم پێم خۆشە بگەڕێمەوە سەردەمی منداڵی و لەگەڵ ھاوڕێکانم وەک جاران یاری خۆشاردنەوە بکەین و بە خێرایی ئەم ژیانە ببوایە بە چاو تروکانێک و ئەم ڕۆژانەمان نەدیبایە." ...

September 11, 2020

"نەوەت و حەوت ساڵە دەرسیمم جێنەهێشتووە، هەر لەم گوندەی خۆمان ژیاوم و هەرگیز نەمویستووە خاکی خۆم جێبهێڵم. تەمەنیشم لێرە تێپەڕی و لێرەش مامەوە. ئێرە خاکی منداڵی، گەنجی و پیریمە. جاران هەموو شتێک جوان بوو، بەڵام ئێستا ژیان وا نەماوە و هەموو شتێک گۆڕاوە، مرۆڤەکانیش گۆڕاون. هیواخوازم ئەم نەوە نوێیە وەک ئێمە خاکی خۆیان جێنەهێڵن و پارێزگاری لێبکەن." ...