Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 10, 2020

"لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستم کردووە بە ڕاهێنان لەسەر ئامێری ڤایۆلین. زۆر کەس پێیان دەوتم ئامێری ڤایۆلین قورسە و ڕاهێنانی زۆری دەوێت، بەڵام من گوێم بەو قورساییانە نەدا و ڕۆژانە بەردەوام بووم لە ڕاهێنان. دوای هەشت مانگ لە بەردەوامی توانیم دەست بە ژەنین بکەم. لەگەڵ ئەوەشدا دەچوومە قوتابخانە و وانەی کوردیشم دەخوێند، بەڵام هەر بەردەوام بووم. برا گەورەکەم ئامێرێکی ڤایۆلینی بە دیاری بۆ هێنام و زۆر پشتگیرم بوو، پێی دەوتم کە بەهرەدارم و پێویستە کۆڵنەدەم. ئێستاش ڕۆژانە بەردەوام کاتژمێرێک ڕاهێنان دەکەم و گوێ لە پارچە و ژەنینی هونەرمەندە بەناوبانگەکان دەگرم. لە دوای دوو ساڵ، چوومە سەنتەری هونەر و ڕۆشنبیری و لەوێ بەردەوام بووم و لەگەڵ چەند گەنجێکدا لەوێ چەندین گروپی موزیکیمان دروستکردوو لە بۆنە و ئاهەنگەکانی شاری حەسەکە و تەل تەمر بەشداریمان دەکرد." ...

September 10, 2020

"لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای نوسینم هەبووە، منداڵێکی چالاک بووم و هەمیشە ئارەزووی نوسین و خوێندنەوەم کردووە. بەڵام بەداخەوە لە کاتی خۆیدا هیچ هاندەر و پاڵپشتێکم نەبوو. کاتێک خانەنشین بووم، هاوڕێ و خوشکی خوالێخۆشبووم (مریەم قازی) ئێوارە خوانێکی بۆ ڕێکخستم و بانگهێشتی کردم. لەوێ کەوتینە ناو باسی ئەدەب و نوسینەوە، پێی وتم تۆ کەسێکی هەست ناسکیت و بەهۆی ئەوەی پێشتر مامۆستا بوویت و ئێستا لە قوتابخانە و قوتابییەکانت دابڕاویت، هەوڵدە هەستەکانی خۆت بنوسیتەوە. مریەم بووە پاڵپشتێکی گەورەی ژیانم و ماڵی تاریکی دڵمی ڕووناککردەوە و بە نوسینی شیعر بۆ منداڵان لە تەمەنی چل و سێ ساڵیدا دەستم بە نوسین کرد. منیش وەک هەموو ژنێکی تری ئەم کۆمەڵگایە دەستاری ژیان زۆری هاڕیوم، بۆیە ژیان ئەوەندە رێگای داوم و هێشتا نەمتوانیوە نوسینەکانم وەک کتێب چاپ بکەم، بەڵام بەشێک لە نوسینەکانم لە گۆڤارەکانی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستاندا بڵاوبۆتەوە." ...

September 8, 2020

"لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دایکبووم، وا شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو ڕۆژەی بڕیارمدا ڕۆژئاوا بەجێبهێڵم و ڕووبکەمە شاری سلێمانی. دایک و خوشک و براکانمم لەوێ بەجێهێشت، هەموو ڕۆژێک لە بیری ئەواندام بەتایبەت دایکم، بەڵام ناتوانم بگەڕێمەوە. لە ترسی گیانی خۆم ڕامکرد بەهۆی هەڕەشەی داعشەوە. ئەوکاتە لە پۆلی نۆیەم بووم، ئیتر خوێندنم بۆ تەواونەکرا و لێرە دەستمکرد بە ئیشکردن و مەسرەفی ماڵیشەوە ئەکەم و پارەی خەرجییان بۆ ڕەوانە ئەکەم. تەمەنم پێنج ساڵان بوو کاتێک باوکم وەفاتی کرد. برا گەورەکەشم چوو بۆ سەربازی و بەس خۆم و دایکم و سێ خوشک و دوو برای بچووکم ماینەوە. بۆ من زۆر قورس و ناخۆش بوو لەو تەمەنە منداڵییەدا ئاگام لە ماڵەوە بێت، هەرچۆنێک بێت زۆر لە ئێستە خۆشتر بوو، چونکە ئەمتوانی لە نزیکەوە ئاگام لێیانبێت ویارمەتییانبەم، بەڵام تازە گەیشتم بەم ڕۆژەی دوور لەوان ژیان بەڕێبکەم." ...

September 8, 2020

"لەساڵی 1980وە، له ناحیەی مەرگە لە گەڕەکی کانی چاوان دەستم کردوە بە کاری چاککردنەوەی ڕادیۆ، جیهازی بێ تەل، سەعات و و پانکە. دوای ئەوەی کە کارەکەم کز بوو، چووم بۆ پێشمەرگایەتی لە سێوران. تا ئەو کاتەی سەرکردایەتی گواسترایەوە بۆ سەرگەڵو، من نانم بۆ پێشمەگە دروستدەکرد. هەرچی پێشمەرگە بوو دەهاتن بۆ لای من کارم بۆدەکردن و پارەی چاکردنەوەی رادیۆم لێوەرنەدەگرتن، تەنانەت جیهازی هەشت پیلی بێ تەلیشم بۆ چاکدەکردنەوە. ئەوکات چەندین جۆری رادیۆ هەبوو، وەک ڕادیۆی پلێپبس، سانییۆن، سیلڤەر، هونکوک و کانییۆن هەبوون. شەش حەوت مەوجیان هەبوو، خەڵکی بە زۆری گوێی له گەلی کوردستان دەگرت. ڕادیۆی ئەوکات زۆر قورس بوو بۆ چاککردنەوە وەک ئەوانەی ئێستا نەبوو، ئێستا تەنها لە ڕێگەی ئەنتگرێتەکەوە سەرجەم شتەکانی چاک ئەکرێتەوە. ئێستاش دوکانم لە حاجیاوا هەیە، بەردەوام ڕۆژانە بە پاسکیلەکەم دێم بۆ دوکان و بژێوی خۆم پەیدادەکەم. سوپاس بۆخوا هیچ موچەیەکم نییە و پیشەکەی خۆمم زۆر خۆشدەوێت." ...

September 7, 2020

"تەمەنم شەست ونۆ ساڵە، کاتێک شوومکرد تەمەنم حەڤدە ساڵبوو. لە ژیانی هاوسەرداریمدا تاڵ و سوێری زۆرم دیوە، بەڵام لە هەموو قۆناغەکانی ژیانمدا پاڵپشتی هاوسەرەکەم بووم، بەشێوەیەک کە زۆربەی کاتەکان وەک پیاو هاوشانی مێردەکەم کەسابەتم کردووە و ڕۆڵم هەبووە لە پەیداکردنی بژێوی ژیانی منداڵەکان. لەهەمووی سەختتر بۆ من ئەوەبوو، لە ساڵانی حەفتاکان کەریم لە یەکێک لە مەعەسکەرەکانی شاری دیالە تەنسیب بوو، بۆیە ساڵانێکی زۆر لە غەریبیدا ژیاین، تاکە ئامڕازی دڵخۆشبوونی من منداڵەکانم بوون. تا پێمکرابێت لەسەر دابونەریت و کلتوری کوردی پەروەردەم کردوون، هەموو بوک و زاواکانیشم شکور بۆخوا کوردن و ئێستا خاوەنی پەنجاوهەشت منداڵ و نەوەم. ئێستا لەگەڵ هاوسەرەکەم و تاکە کچێکمدا دەژیم بۆ ئەوەی ئاگاداری هەواڵی منداڵەکانم بم، گروپ چاتێکیان دروستکردووە و منیشیان تێکردووە، رۆژانە قسەیان لەگەڵ دەکەم و ئاگاداریانم." ...

September 6, 2020

"زۆر حەزم لە گوڵ و سەوزاییە، بێتاقەتیم پێیان دەردەچێت. لە ماڵەکەمدا جۆرەها گوڵم چاندووە و ڕۆژانە ئاویان دەدەم. ساڵی پار کە گوڵەکانم ئاو دەدا، تۆوی گوڵەکان بە چۆڕەی ئاوەکەوە ڕژابوونە درزی دیواری بەردینی ماڵەکەم، کەچی ئەمساڵ ڕووابون. کە ئەوەم دی دەسم لێهەڵنەگرتن و بەردەوام ئاومدان. یەک بە یەک گوڵی ڕەنگاوڕەنگ خۆیان دەرخست و لە درزی بەردەکانەوە هەڵکشان. ئێستا بوونەتە جێی سەرنجی ڕێبواران و زۆر لایان جوانە، هەمیشە لێم دەپرسن چۆن ئەمەم کردووە. لە ڕاستیدا ڕێکەوت بوو و ئەم جوانییە خۆی خوڵقا، بەڵام وەک بیرۆکەیەکی لێهاتووە بۆ چاندنی گوڵ و گوڵزار بەم شێوازە، چونکە دیمەنێکی ناوازە دەخۆڵقێنێت." ...

September 6, 2020

"باوکم موزیسیانە و خوشکەکەشم دەرچووی کۆلێجی هونەرە جوانەکانی زانکۆی حەلەبە. منیش لە منداڵییەوە خەریکی وێنەکێشانم. سەرەتا بە قەڵەمی ڕەساس لەسەر پەڕاوی دەفتەری ئاسایی وێنەم دەکێشا. هەشت ساڵ بەر لە ئێستا کاتێک لە ئامادەیی بووم یەکەم تابلۆی زەیتیم کێشا، مامۆستاکەم زۆر گرنگی بە تابلۆکە داو زۆر یارمەتیدەرم بوو لە بەرەوپێشچوونم. کاتێک خوێندنم لە شاری عەفرین تەواوکرد، ناوی خۆمم لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان تۆمارکرد، بەهۆی داگیرکردنی شاری عەفرینەوە نەمتوانی خوێندنەکەم تەواو بکەم و بە ناچاری دەبوو شارەکە بەجێبهێڵین و واز لە خوێندنەکەم بهێنم. سەرەڕای ئەوەش، لە هونەر و وێنەکێشان دوورنەکەوتمەوە. بەردەوام سەیری ڤیدیۆی فێرکاریم دەکرد لە یوتیوب. ئێستا کە هاتووینەتە شاری قامیشلۆ و ژیان ئارام بۆتەوە، ناوم لە کۆلێجی هونەرەجوانەکانی زانکۆی ڕۆژاڤا تۆمارکردووە. تاکو ئێستا بەشداری سێ پێشانگای وێنەکێشانم کردووە، پێشانگایەکیان لە شاری عەفرین، یەکێکیان لە زانکۆی ڕۆژئاڤای قامیشلۆ و پێشانگایەکی ئۆنلاینیش لە وڵاتی میسڕ. ساڵێک بەر لە ئێستا ڕۆژنامەنوسێک لە وڵاتی ئیسپانیاوە هاتە ئێرەو چیرۆکی کۆتا ساتەکانی ژیانمی لە عەفرین کردە فیلمێکی بەڵگەنامەیی کورت." ...

September 5, 2020

"دانیشتووی حاجیاوام، ساڵی 2015 ئەم دارانەم لەبەردەم ماڵی خۆماندا چاند، دواتر وردە وردە گەشەیان کرد و گەورەبوون. شێوازی بڕین و دروستکردنی ئەم شێوانە هەمووی بیرۆکەی خۆمە. ڕۆژانە بەردەوام دەبێت خەریکیانبم و ڕێکیانبخەم، هەر دوو ڕۆژ جارێک ئەبێت بیانبڕم. ساڵانەش شێوازەکەی دەگۆڕم. خەڵک کە دەگاتە نزیک ماڵمان سەیارەکەی هێواش دەکاتەوە بۆ ئەوەی سەیریان بکات، یان دائەبەزێت و رەسم ئەگرێت. پێمخۆشە هەموو کەس دەستی هەبێت لە جوانکردنی شاردا، ئەگەر بە چاندنی دارێک یان دوو داریش بێت. بە تایبەت داری توو، چونکە داری توو بۆ ناوچەکە زۆر باشە و بەرگەی گەرماو سەرما دەگرێت و تێچووشی هەرزانە، لەوانەیە دارێکی توو بکڕیت بە دوو هەزار." ...

September 5, 2020

"تەمەنم سی و پێنج ساڵە، خەڵکی ناوچەی دەپێم لە ئەلەزیز. ماوەی دە ساڵ لە شاری ئیستانبوڵ وەک ڕۆژنامەنوس کارم دەکرد، بەڵام هەمیشە کاری گوند لە مێشکمدابوو. ڕۆژێکیان لە شاری دەرسیم بۆ کارێک چاوپێکەوتنم لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێدا کرد کە سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ بوون، دوای چاوپێکەوتنەکە بیرۆکەیەک لەلام دروست بوو کە واز لە کاری ڕۆژنامەوانی بهێنم و بێم لەم گوندەدا بژیم. لە کاتی چاندندا بەیانیان زوو هەڵدەستین و دێینە کێڵگە، هەندێک کار دەکەین و پاشان نانی بەیانی دەخۆین. بەهۆی گەرماوە ناوە ناوە پشوو وەردەگرین، لە کاتی پشووەکاندا هەندێک لە هاوڕێیان کتێب دەخوێننەوە، هەندێکیشیان مەلە دەکەن. بەم جۆرە ڕۆژەکانمان زۆر خۆش تێدەپەڕێت." ...

September 4, 2020

"دەڵێن ئارەزووەکانی منداڵی داهاتووی مرۆڤ دیاریدەکەن، لەو شتەدا زۆر هاوڕام. ئەو شتەم بەتەواوی لەلا ڕوون بۆوە لەدوای ئەوەی چیرۆکی داینەسوڕەکان لە سەرەتای هەرزەکاریمدا زۆر ڕایاندەکێشام. داینەسوڕەکان چین؟ چوون بۆکوێ؟ داینەسوڕی جۆری براکیاسۆرس چەن گەورە بووە؟. لە شازدە ساڵیدا پارەم کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی ئەو کتێبانە بکڕم کە باسیان لە دایناسوڕەکان، هەسارەکان و ژیان لە بۆشایی ئاسماندا دەکرد، ئێستاش هەموویانم ماوە. من جیۆلۆجیستم، هەوڵەدەم بەردەکان بخوێنمەوە و بزانم لەچی پێکهاتوون، باوەڕ دەکەیت، بەردەکان قسە دەکەن، بەڵێ! ئەمە ئەو شتەیە کە دوای پازدە ساڵ لە خوێندن و کارکردن لەبواری جیۆلۆجیدا بۆم ئاشکرا بوو." "لە ئێستادا سەرقاڵی وردگەریم لەسەر توێژینەوەیەکم دەربارەی لەناوچوونی داینەسوڕەکان، کە بەهۆی پێکدادانی نەیزەکێک لەگەڵ زەویدا، شەستوشەش ملیۆن ساڵ بەرلەئێستا ژیان کۆتاییپێهات. پاشان چۆن سەرلەنوێ ژیان لەسەر زەوی دەستیپێکردۆتەوە. دوای هەوڵێکی زۆر توانیم بۆ یەکەمجار پارچەی نەیزەک لە دەوروبەری دهۆک بدۆزمەوە. ئەم سەرکەوتنە هەروا بە سادەیی کۆتایی نەهات، لەدوای ئەویش توێژینەوەیەکی ترم بەدوایداهات دەربارەی چاخێکی جیۆلۆجی نوێ لە ناوچەکانی دەوروبەری دهۆک و زاخۆ، کە پێشتر بەسەر زۆرێک لە توێژەراندا تێپەڕببوو. وادیارە من چۆن ئارەزووی جیۆلۆجی دەکەم، ئەویش وەهایە بۆمن." ...

September 3, 2020

"هیچ خۆشییەکم لە ژیان نەبینی، ژیانمان زۆر ناخۆش و پڕ دەردە سەری بوو. بەڵام ئێستا لە خوا بەزیادبێت کوڕەکانم گەورە بوون و ژیانم بەهۆی ئەوانەوە زۆر لە جاران خۆشترە. مێردەکەم ڕۆژانە کە کاری ئەکرد ئەوپەڕی روبعێک یان نیو دیناری دەست ئەکەوت، بەشی هیچی نەئەکرد، نەمئەزانی چی بدەم بە منداڵەکانم، ناچار بە نانە ڕەقە بەخێوم کردوون. ساڵێکیان کە زستان هات زۆر سارد بوو، چووم سێ بەتانیم بە قەرز هێنا بەبێ پرسی مێردەکەم، یەک دیناریشمان نەبوو. شەو کە مێردەکەم بینی، وتی ئەمانە چیە؟ کە پێم وت بە قەرز هێناومە، وتی سبەینێ یان بۆی ئەبەیتەوە یان لەم ماڵەیا نابیت! بۆ ڕۆژی دواتر بەتانییەکانم بردەوە بۆ دوکانەکە، وتم ئەبێت لێم وەربگریتەوە پیاوەکەم لێم توڕە بووە. بەڵام خاوەن دوکانەکە ڕازی نەبوو و وتی لێت وەرناگرمەوە، هەرکات توانیتان پارەکەی بدەن، گەر نەشبوو گەردنتان ئازادبێت. پاش ماوەیەک هەرچۆنێک بێت توانیمان پارەی بەتانییەکان کۆبکەینەوە، کە بۆمبرد وتی پارەتان لێوەرناگرم، بەڵام من زۆرم لێکرد کە وەریبگرێت، وتی مادام ئەوەنە بە بەڵین بوویت دوو دینار کەمترت لێوەردەگرم." ...

September 3, 2020

"ناوم وەستا فەیسەڵە، کەم تا زۆر خەڵکی دەمناسن. لە منداڵییەوە کاری چاککردنەوەی کامێرای فۆتۆ و ڤیدیۆ دەکەم، بەهۆی بێکاری و بێ بازاڕییەوە دەستمکرد بە چاککردنەوەی مەکینەی ڕیشتاشینیش. شانسی من ئێستا خەڵکی هەمووی بۆ مۆدێل ڕیش دادەنێن و کەس کاری بە مەکینەی ڕیش تاشین نەماوە! لەبەر بێکاری و کاتی زۆر ڕۆژانە لە دوکانەکەی خۆم بابەتی باش و جوان دەکەمە ڤیدیۆ و لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوی دەکەمەوە، زیاتر دەمەوێت دەوری توێژەری کۆمەڵایەتی ببینم. لەوەتەی لە سۆشیاڵ میدیا دەرکەوتووم، خەڵکانێکی زیاتر دەمناسن و فۆڵۆوەرسم زۆر زیاترە لە جاران و ڕۆژانە دنیایەک دەستخۆشیم بۆ دێت، بەڵام بەداخەوە خەڵکانێکی زۆر بێئەوەی لە نزیکەوە بمناسن، جنێوم پێدەدەن و قسەم بۆ هەڵەبەستن. من لە زۆربەی بابەتەکانم کە باسی کێشەیەکم کردبێت، لە کۆتاییدا وەک گلەییەک لە خەڵکەکە وتوومە بێ ئیسفادەیە. بۆیە ئێستا ئەو وشەیە بۆتە نازناوم و بەو وشەیە ناوبانگم پەیداکردووە. چەند جار لە بازاڕ گوێم لێبووە وتوویانە: ئەوەتا ئەوە وەستا بێ ئیسفادەیە." ...