Humans of Kurdistan
پڕۆژەی Humans Of Kurdistan ئامانجیەتی فرەکەلتووریی وڵاتی کوردستان بخاتە ڕوو، لە ڕێگەی فۆتۆی ڕووخساری خەڵکەکەی و چیرۆکەکانیان.

September 1, 2020

"قەت شەرمم لە کەسابەت نەکردووە، بۆ بژێوی ژیانم ئامادەبووم لە بەیانی زووەوە تاکو بانگی عیشا لەسەرپێ بۆستم وخەریکی کاربم و خزمەتی خەڵکی دانیشتوو بکەم. پیاوی وا هەبووە بێقیمەتترین مرۆڤ بووە، بەڵام من ناچاربووم چاو و ئاوی بخەمە بەردەست و بڵێم فەرموو. بەرکەوتنم لەگەڵ خەڵکێکی زۆر هەبووە، چەندین مۆقیفی سەیر سەیرم دیوە و هەموویم بە ئاسانی قبوڵکردووە. هەمیشە وتوومە ئەم ژیانە چۆن خۆشی تێدایە، ئاواش پڕیەتی لە نەهامەتی. زۆرجار تووشی ئەوەبووم کەسێک چای خواردۆتەوە و پێی وتووم پارەم پێنیە، زۆرلام ئاسایی بووە و چایەکی تریشم بۆ بردووە. بەڵام ئەوەی من ئازار دەدات ئەوەیە کە کەسێک بە گێلم بزانێت و چایەک بخواتەوە و پارە نەدات و بڕوات. چەندین جار ئەو حاڵەتەم تووشبووە لەگەڵ کەسی دیار و دەوڵەمەند و ڕۆشنبیر. سەیر نەبووە کە مامۆستایەکی زانکۆ بە شەهادەی دکتۆراوە بتوانێت ٢٥٠ی من بە حەرامی بخواتەوە و بڕوات. بە داخەوە خۆم ئەوانەم زۆر دیوە." ...

September 1, 2020

"خولیای کۆکردنەوەی توحفەی هونەری و کەلوپەلی کۆن دەکەم، بەتایبەت ئەوانەی یادەوەری باووباپیرانمانن. باوکم زۆر شتی کۆنی بۆجێهێشتم، ئەویش لە باپیرییەوە بۆی جێمابوو. ئیتر بەو جۆرە هەندێک شتی هەیە تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ دووسەد ساڵ بەرلە ئێستا. پارێزگاریکردن لەو شتە کۆنانەم هۆکاری دڵخۆشی منن، جاران لە بازاڕ دەگەڕام کام شتەی کۆن و توحفەبوو دەمکڕی و لە ژوورەکەی خۆمدا کۆمدەکردنەوە. لە ماڵەوە ژوورێکی تایبەتم هەیە کە پڕە لە کەلوپەلی کۆن، لەو ژوورەدا بۆنی ڕابردوو دەکەیت. کوڕێکم هەیە لە شاری هەولێر دەژی، کاتێک گەڕایەوە قامیشلۆ لەگەڵ خۆیدا سەرینێکی منداڵانی زۆر کۆنی بۆ هێنابووم. زۆر دڵخۆشبووم پێی، چونکە دەیزانی چەنێک ئارەزووی شتی کۆن دەکەم. ئەم شتانە بۆ منداڵەکانم جێدەهێڵم، ئەوانیش بۆ منداڵەکانی خۆیانی جێدەهێڵن. ئەم میراتە دەبێت هەمیشە بەردەوام بێت و تا ئەبەد بمێنێتەوە." ...

August 31, 2020

"لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە شاری ئامەد دەستم بەکاری پزیشکی کردووە. ئێستا لە کلینیکی منداڵان لە بەشی منداڵانی تازە لەدایکبوو کاردەکەم. لەهەمانکاتدا ڕابەرەیاتی و سەرۆکایەتی یەکێتیی پزیشکانی ئامەد دەکەم. لە هەموو دنیا و لە کوردستانیش کاری پزیشکەکان تەنها پزیشکی نییە، چونکە پزیشکایەتی تەنها بۆ چارەسەری تەندروستیی لەشی کەسێک نییە. لەهەمانکاتدا ئێمە کار بۆ مافەکانی مرۆڤیش دەکەین. ئەم کارە قورسی و گرانی خۆی هەیە، جاران ڕاستە گرانی زۆر بوو، بەڵام ئێستا زۆر زیاتر بووە. لایەنی تەندروستی لە کوردستان لەم کاتەدا لەژێر قەیران و کێشەدایە. لەهەمووی زیاتر کۆرۆنا زۆر گرانی دروستکرد بۆمان و کێشەکان بەردەوام لە گەورەبووندان. جاران کارمەندانی تەندروستی زۆر کاریان دەکرد، بەڵام لەم ماوەیەدا ژمارەی نەخۆش بەهۆی کۆرۆناوە زیادیکرد، کاری کارمەندانی تەندروستیش بەهەمان شێوە زیادیکرد. جاران یەک کارمان دەکرد، بەڵام ئێستا دوو کار دەکەین و تا دێت کارمان زیاتر دەبێت." ...

August 31, 2020

"هەموو ئەو شتانەی لە ژیانمدا ڕوویانداوە ئەتوانم بڵێم زۆر زیاتر بوون بە بەراورد بەتەمەنەکەم، هەندێکجار واهەستەکەم زیاتر ژیاوم. لە منداڵیمەوە ئارەزووی هەرشتێکم کردبێت، یاخود خستبێتمە پلانمەوە ئەتوانم بڵێم بە دەستم هێناوە. سەرەڕای بوونی زۆر بەربەست لە ژیانمدا، کە زۆر کات وایان لێکردووم بوەستم و چاوەڕێ بکەم، بەڵام پەشیمان نەبوومەتەوە لە ئامانجەکەم. سەرەتا کاتێک تەمەنم دوانزە ساڵان بوو له‌ كازیوه‌ی سه‌ر به‌ منداڵپارێزی كوردستان ده‌ستمکرد بە ژەنین و ئامێری ڤایۆلینم هەڵبژارد. یەکەم ئامێریشم خوشکەکەم بەدیاری بۆی کڕیم. دوای چه‌ند ساڵێك له‌ هه‌مان جێگه‌ كه‌ فێری ئامێری ڤایۆلین بووم، بووم به‌ مامۆستا. ئەوەش یه‌كێك بوو له‌ ئامانجه‌كانی منداڵیم .. هه‌ر چه‌نده‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ته‌مه‌نم زۆر جار دوور كه‌‌وتوومه‌ته‌وه‌ له‌ گرنگیدان به‌ خۆم و ئامانجه‌كه‌م، به‌ڵام ئێستا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ده‌ستپێده‌كه‌مه‌وه‌ و فێربووم ڕێزی كاته‌كانم بگرم، چونكه‌ كه‌سمان نازانین چه‌نێك له‌ ژیان به‌رده‌وام ئه‌بین. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ ژیان فێربین ئەوەیە کە ماندووبووین پشوو بده‌ین، به‌ڵام نه‌وه‌ستین و بڕۆین به‌ره‌و ئامانجه‌كه‌مان." ...

August 30, 2020

"بەیانییان پێش ئەوەی لەخەو هەستێت دەچمە دەرەوە و هەرچۆنێک بێت خۆمی لێدەدزمەوە. بەڵام کە نیوەڕوان دەگەڕێمەوە دەبێت لەگەڵ خۆم بیبەم بۆ سەرکار و لەسەر ماتۆڕەکە جوان دەستدەگرێت و ڕاهاتووە وریای خۆی بێت. چەندەها جار پێیان وتووم کە ئەم کارە مەترسیدارە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ خۆم نەیهێنم دنیا دەهێنێتە سەرمان. چەند ساڵێکە لەگەڵ باوکم تووە فەرەنگیمان چاندووە، لەلای من و باوکم دەمێنێتەوە تا نزیکی ئێوارە و خۆی بە تووەکانەوە مەشغوڵ دەکات. لایەنی خراپی ئەوەیە خۆی پیس دەکات و بێتاقەت دەبێت، ئیتر ئەبێت بیبەمەوە بۆلای دایکی. سەرەڕای ئەوەش بەیانی دیسان خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵم بێتەوە بۆ کار. بەڵام زۆر دڵخۆشم کە هەر لە ئێستاوە هاودەمی منە." ...

August 29, 2020

"بەردەوام بە جلی ڕەسەنی کوردییەوە لەسەر شێوەی قەدیم دەڕۆم بۆ میوانی و بۆ بازاڕیش. خۆ ئێمە خاریجی نین، ئێمە کوردیین و لەناو چیا دەژین، عەیبە دەستوری خۆت تێکبدەیت.جارێک بۆ کاری فەرمانگە چووم بۆ سلێمانی، لای ترشیاتفرۆشێک بووم گوێم لێبوو کوڕێک بە برادەرەکەی دەوت: حەمە شتی ئاوات بینیوە؟ ئەویش وتی: نەوەڵا. پاشان پێیوت: ئەبێ کێبێت؟ حەمەش وتی: یان شێخ مەحموودی نەمرە یان خولە پیزەیە." "ناوم تەهایە، بە مام تەها شیرەیی ناسراوم. میللەتێکی فەقیربووین، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە چیا ژیاوین، زۆر بەهێز و بە ئیرادەبووین. بەردەوام خزمەتی پێشمەرگەمان کردووە و خۆشم پێشمەرگە بووم، نابێت کەس لەگەڵ میللەتی خۆی ناپاک بێت. زۆر حەزم لە شتی کۆنە، دووربینێکم هەیە کاتی خۆی مام جەلال پێیداوم و ئێستاش ماومە. بەشێکی زۆر لە چەکە کۆنەکانم ماوە و پاراستوومن، فیشەکدانی ساڵی ٧٤م ماوە. کاتێک حکومەتی بەعس کیمیایی لە بالیساندا، ئێمە دەربەدەربووین و چووینە بێتواتە، حکومەت خانووەکەی تەقاندینەوە، دەیانوت ئەم زەوییە هی حکومەتە. خەڵکیان زۆر زیندەبەچاڵکرد، هەرچی خراپبوو بە کوردیانکرد." ...

August 28, 2020

"جاران کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداریمان دەکرد، ئەوە بۆ دوو ساڵ دەچێت لەگەڵ ٦ هاوڕێمدا دەستمان بەکاری چاندن کردووەتەوە. پێشتر بیرمانکردەوە کە دەستبکەینەوە بە کاری ئاژەڵداری، بەڵام ئەم بیرۆکە تازەیەمان بۆ هات و دەستمانپێکرد. بینیمان کە بەرهەمهێنان چەند کەمیکردووە، بۆیە دەستمان پێکرد. مرۆڤ کاتێک سەرکەوتووە کە بەرهەمی هەبێت. ئەمە تەنها کارێک نییە بۆ بژێوی ژیان، لەهەمانکاتدا بۆ هاندانی خەڵکییە کە بگەڕێنەوە سەر چاندن و بەرهەمهێنان. هەر وڵاتێک بەرهەمی نەبێت بەرەو داڕووخان دەچێت. هەر لەبەر ئەوەیە ئێمە لە شاری دەرسیم زۆر گرنگی بەم کارە دەدەین و پێویستە هەمووان خەریکی کارێک بن و بەرهەمداربن." ...

August 28, 2020

"لە شاری دێریک دەژیم، خوێندکاری ئەدەبی کوردیم لە زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ. لە ساڵی ٢٠١٦وە دەستم بە کاری نواندن کردووە لە ڕێگەی وێنەگرتنی ڤیدیۆی کورتی کۆمیدییەوە. هەروەها نواندن بۆ فیلمی کوردی کورت دەکەم و هەندێکجار خۆم بەتەنها ڕۆڵی چەند کارەکتەرێک دەبینم. کارەکانم لە ئەکاونتی تایبەتی خۆم لە فەیسبووک و یوتیوب بڵاودەکەمەوە، لە مانگی ڕەمەزاندا بەتەنها ٢٠ زنجیرەم تۆمارکرد. بەڵام کامێرای وێنەگرتن و کۆمپیوتەرم لەبەردەستدا نییە بۆ مۆنتاژ، بۆیە سەرجەم کارەکان بە مۆبایلەکەم ئەنجام دەدەم، ئیتر لەوێدا قورساییەکان دێنە بەردەمم. بەهۆی ئەو بابەتانەی دایدەڕێژم، توانیومە خەڵکێکی زۆر دڵخۆشبکەم و ئەوەش زۆر خۆشحاڵم دەکات. هیوام وایە لە داهاتوودا کوردیش سینەمای تایبەت بەخۆی هەبێت و دەنگی سینەمای کوردی بگاتە هەموو دنیا." ...

Humans of Kurdistan - East 29

August 27, 2020

"لە بیجار لە دایکبووم، شارێکی بچووکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بە منداڵی خوێندنم بەهۆی هاروهاجی زیاد لەحەدم درێژەی نەکێشا و هەرزوو وازم لە خوێندن هێنا. هەر لە سەرەتاییەوە بە کاری جیاجیاوە خەریکبووم، لە شاگردی چایخانەوە بیگرە تا مەئموور و کرێکاری بەنداوی ئاو. سەرکێشییەکانم بە زیندانیان گەیاندم و ئاشنایان کردم بە خەڵکی جۆراوجۆری کۆمەڵگە. بەڵام بەردەوام هەوڵمداوە بە پاکی بمێنمەوە و گیرۆدەی کارێک نەبم کە پەشیمانی لەدواوەبێت، هەرچەندە ڕواڵەتم پێچەوانەی ئەوە نیشاندەدات. ئەوە چەند ساڵێکە سەرقاڵی کاری ئاسنگەریم، بژێوی ژیانمی پێپەیدا دەکەم و کارەکەمم خۆشدەوێت. خۆم ناوم ئیبراهیمە، بەڵام ئەوەندە بە ئیبرا بانگیانکردووم، بیرم نەماوە ناوی خۆم لە ئەسڵا چییە." ...

Humans of Kurdistan - South 113

August 27, 2020

"لەوکاتەوەی دەسەڵاتی کوردی لە کەرکوک نەما، ئیتر منیش لەوێ نەمامەوە. ئەوە چەند ساڵێکە لە هەولێر دەژیم، بە منداڵیش هەر حەزم لە هەولێر بوو. بەجدی هەولێر شاری پێکەوە ژیانە، شکور زۆر ئاسودەم لێرە، ئەوەندەی لێرەم هەرگیز حسابی ئەوەیان لەگەڵ نەکردووم کە من هەولێری نیم. لە ئوتێلێکدا بێبەرامبەر دەمێنمەوە و چێشتخانەیەکیش هەیە خاوەنەکەی لەوەتەی لێرەم پارەی خواردنی لێوەرنەگرتووم. لە ڕابردوودا زیندانیی سیاسی بووم و لەشولارم ئێستاش شوێنەواری ئەشکەنجەی پێوەیە، هەتاکو ئێستا دینارێک مەعاشم نیە، ئومێددەکەم ڕۆژێک ئاورێکم لێبدرێتەوە و ئیتر چاوم لە دەستی کەس نەبێت و لەسەر قاچی خۆم بۆستم." ...

Humans of Kurdistan - South 112

August 26, 2020

"كاتێك باڵندەكان گەورەدەبن دەتوانیت ڕاهێنانیان پێبكەیت کە دوور نەكەونەوە و لەنزیك خۆت بمێننەوە. بەڵام، من هەر لەوكاتەوەی كە توانای فڕینیان نیە ڕاهێنانیان پێدەكەم. ئەمەش بۆ ئەوەیە بزانن كە من ئازادییان دەدەمێ و شوێنەكانیان نیشان دەدەم. ڵەهەمان كاتیشدا فێریان دەكەم كە لەگەڵ خۆم بمێننەوە و دوورنەكەونەوە لێم. من باڵندەكان فێردەكەم كە لە دەرەوەی قەفەس بژین. خۆشەویستی من بۆ ئاژەڵان هەر لە منداڵییەوە دەستیپێكردووە، هەمیشە هەستێكی تایبەتیان پێداوم. ئەوكاتەی كە ماڵمان لە بەغداد بوو، باخەكەمان زۆر گەورە بوو. هەر ئاژەڵێكم ببینیایە لەوێ دەمبردە لای خۆم، ئیتر چ جای كیسەڵ، ژیشك، سەگ و پشیلە بووایە. پاش ئەوەی هاتینە سلێمانی، جێگەیەكم نەبوو ئاژەڵ ڕابگرم، ئەوەش بۆ من زۆر قورس بوو، زۆر بێتاقەتی دەکردم." "یەكێكیتر لەو حاڵەتە ناخۆشانە دەركردنی ئاژەڵانە لە ماڵەوە بەهۆی كۆرۆناوە. ڕۆژێك كەسێك حاڵەتێكی پێڕاگەیاندم كە ماڵێك دوو باڵندەیان فڕێداوە و دایكەکەشیان مردووە. ئەم كارانەش گەلێك ناشرینن، لەبەرئەوەی ئەو ئاژەڵانە ناتوانن تووشی ئەو نەخۆشیەت بكەن. هەرچەند پێشتر زیاتر پشیلە و سەگم ڕزگار دەکرد، ئەمساڵ زیاتر باڵندە ڕزگاردەكەم. جارێك كەشوهەوا ڕەشەبا بوو، پەنجەرەكەم باش دانەخستبوو، كرایەوە و یەكێك لە باڵندەكانم فڕی، هەرچەندە مەبەستی ئەوە نەبوو بڕوات چونكە ناتوانێت بەباشی بفڕێت، بەڵام ماڵێكی دراوسێمانی بینیبوو ڕۆیشتبووە ئەوێ، منیش پاش ٢٤ كاتژمێر بەهۆی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێكخراوەكانی ئاژەڵان دۆزیمەوە. جارێک بۆ گەشتێکی ناوسروشت ئەسکەندەرم لەگەڵ خۆمبرد، بینیم سەرەڕای ئەوەی دەترسا، بەڵام زۆر پێیخۆشبوو کە لەناو سروشتدا بفڕێت. پاش ئەوە پەیوەندیم بە چەند شوێنێکەوە کرد، تا چیرۆکی ئەسکەندەر بڵاوبکەنەوە و نیشانیبدەن کە ماڵی باڵندەکان قەفەس نییە و دەتوانیت ئازادانە ڕایبهێنیت و لەگەڵیشت بمێنێتەوە." ...

August 25, 2020

"لە ساڵانی شەستەکاندا ماڵمان لە بەغداد بوو، تا ساڵی ١٩٨٠ بەردەوام هاتوچۆی سلێمانیمان دەکرد. خۆم لە پێنجوێن لەدایکبووم، بەڵام تەمەنی منداڵی و گەنجیم لە بەغداد لە گەڕەکی قەنبەرعەلی بەسەربردووە. ئەو شارە ئێستاش یەکێکە لەو شارانەی کە دڵم پێیدەکرێتەوە. خۆم لە قوتابخانە دەدزییەوە، بۆیە تا پۆلی پێنجی سەرەتاییم خوێندووە. لە تەمەنێکی کەمەوە چوومەتە ناو کارگەکانی پێڵاودروستکردن، ئەوەندە حەزم لە ئەزموون پەیداکردنبوو لە ئیشەکەدا، یەکەم ڕۆژ نانم نەخوارد. دەستی خۆمم بڕیبوو، هەر بە خوێنەکەوە کارم دەکرد. ئەوەبوو لە یەکەم ڕۆژی کارکردنمدا بڕیاریاندا هەفتانەی تەواوم بدەنێ و بە ماوەیەکی کەم توانیم لە کارگەکاندا ببم بە وەستا". "لە پێڵاو دروستکردندا توانایەکی سەیرم هەبوو، هەر بەسەیرکردنی دەستی وەستاکان وافێردەبووم، کە ڕاستەوخۆ دوای وەستاکە هەمانشت دووبارە بکەمەوە کە سەیرمکردبوو. من ئاشقی کارەکەم ببوم، بە دڵسۆزییەکی تەواوەوە پێڵاوم دروستدەکرد. لەهەمانکاتدا لەڕووی داراییەوە پارەیەکی باشیشم چنگدەکەوت و یارمەتی ماڵی خۆمانم دەدا، چونکە باوکم نەداربوو. تەنانەت لەدوای ئەوەی لە بەغداد بوومە پێشمەرگە، من هەروازم لە کارەکەم نەهێنا. زۆرجار بە جلی سەربازییەوە دەچوومە کارگە و لەوێ جلی کارم لەبەردەکرد و کارمدەکرد. لە ساڵی ٢٠٠٧ هاتینەوە پێنجوێن و بۆئەوەی لە کارەکەم دوورنەکەومەوە ئەم دوکانی پینەچییەم داناوەتەوە." ...